زاخارۆڤا: ئۆكرانیا بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشه‌كه‌ی ده‌بێت بێلایه‌ن بێت

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئاماژه به‌وه ده‌كات، باشترین گه‌ره‌نتی بۆ سه‌قامگیری و ئاسایشی ئۆكرانیا پشتبهستنیهتی به خۆی و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر جۆره لایه‌نگیرییه‌ك.
پێنجشه‌ممه، 6ـی ئاداری 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، ئۆكرانیا ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت سه‌قامگیر بێت و ئاسایشیی پارێزراو بێت، ده‌بێت بێلایه‌ن بێت و پشت به هیچ هێزێكی نه‌به‌ستێت و خۆی له چه‌كی ئه‌تۆمی به دوور بگرێت.
ماریا زاخارۆڤا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م بژاردانه گه‌ره‌نتی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن، هاوكات گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕیشه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه به پێی جاڕنامه‌ی ساڵی 1990ـی تایبه‌ت به سه‌روه‌رییه نیشتمانییه‌كه‌ی، باشترین بژارده‌ی به‌ده‌ستهێنانی سهقامگیرییهكهیهتی.
زاخارۆڤا گوتیشی، ئۆكرانیا ده‌بێت خۆی له په‌یڕه‌وكردنی ئایدۆلۆجیای نازی بپارێزێت و ڕێز له مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت به‌تایه‌تی مافی ئه‌و ڕووسانه‌ی به زمانی ڕووسی ده‌دوێت و هه‌موو ئه‌و ئیتنیكانهی دیكه‌ش كه له خاكه‌كه‌دا ده‌ژین.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا باسی له‌وه‌ش كرد، ئۆكرانیا بۆ پاراستنی ئاسایشه‌كه‌ی په‌نا ده‌بانه به‌ر شوێنی هه‌ڵه له ڕۆژئاوا و ئه‌وانیش سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن.