تورکیا: 26 چەکداری پەکەکە و یەپەگەمان له‌ هه‌فته‌یه‌كدا كوشتووه‌

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کوشتنی 26 چەکداری پەکەکە و یەپەگە له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛ ده‌شڵێت، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.

پێنجشه‌ممه‌، 6ـی ئاداری 2025، زەکی ئاکتورک، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا 26 و، لە مانگی یەکی ئەمساڵیشەوە تا ئێستا 478 چەکداری پەکەکە کوژراون.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، لە ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.

بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتووشیه‌تی، له‌ میانی کێوماڵکردنی ناوچەکانی ژێر ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی و جبەخانەی سەر بە پەکەکەدا گیراوە.

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment