پێشەوا هەورامانی لەبارەی دابەشکردنی غازی ماڵان و پرۆژەی ڕووناکی ڕوونکردنەوە دەدات

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، بەڵام ئەو بابەتە ڕاست نییە و هیچ گرێبەستێکی لەو شێوەیە نەکراوە. لەبارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، گوتی: پرۆژەکە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و ڕەچاوی دۆخی ژیانیان کراوە.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی غازی ماڵان و پرۆژەی ڕووناکی چەند ڕاستییەک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی، ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەکی نییە و هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لەئارادا نییە، شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەهەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکوومەتەوە.

لەبارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، هەورامانی گوتی: ئەوانەی دژی پرۆژەکەن هەڵمەتێکی مێدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردووە! دەیانەوێت لەگرنگی پڕۆژەکە بدەن، دووپاتی دەکەینەوە، بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندییان حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە هەموو کوردستان جێبەجێ دەکات و بۆیەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حووکمڕانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

هاوکات گوتیشی: ئێستاش ژمارەی هاوبەشانمان لە پڕۆژەی ڕووناکی بووەتە 86 هەزار خێزان و هەموو خێزانەکانیش لە داهاتوو سوودمەند دەبن.

پێشەوا هەورامانی، داواکارە لە مێدیاکاران بە ئەمانەت و بە بەرپرسیارەتی و پیشەییانە زانیاری بگەیەننە وەرگرانییان و، کارێک نەکەن پیشەیبوون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر دروستببێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەمەودوا  لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، داوای یاسایی لەسەر مێدیاکاران تۆمار دەکەین.

 
Fly Erbil Advertisment