ماکرۆن: پوتین 'ئیمپریالیستێکە مێژوو دەشێوێنێت

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیایی تۆمەتبار کرد بەوەی "ئیمپریالیستێکە کە مێژوو دەشێوێنێت" و "هەڵەیەکی مێژوویی" ئەنجام داوە.

  ماکرۆن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ناپلیۆن سەرکردایەتی فەتحەکانی دەکرد، تاکە دەسەڵات کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا دەیبینم ڕووسیایە، کە دەیەوێت فراوانخوازی ئەنجام بدات و پۆتین ئیمپریالیستێکە مێژوو و ناسنامەی گەلان دەشێوێنێت.

پێشتریش، پوتین وەڵامی وتارەکەی ماکرۆنی دایەوە، کە تیایدا ڕووسیای بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا وەسف کرد، پوتین ڕایگەیاند : هەندێک کەس لەبیریان چووە کە هەڵمەتی  ناپلیۆن لە ڕووسیا چۆن کۆتایی هات.

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە مۆسکۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا هەڵبژێرێت کە ئاسایشی درێژخایەن و گەشەسەندنی بەردەوامی ڕووسیا مسۆگەر بکات".

هەروەها ماکرۆن ڕایگەیاندبوو: کە ڕووسیا نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک بۆ سەر هەموو ئەوروپا دەکات و  پاریس گفتوگۆیەکی سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی فەرەنسا بۆ پاراستنی یەکێتی ئەوروپا دەستپێکردووە.

ماکرۆن لە وتارێکدا بۆ فەرەنسییەکان باسی لەوەکردبوو: ئەگەر وڵاتێک بتوانێت ئەوروپای دراوسێ داگیر بکات و بێ سزا بمێنێتەوە، کەس ناتوانێت لە هیچ شتێک دڵنیا بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا بەنیازە تا ساڵی 2030 سێ ملیۆن سەرباز کۆبکاتەوە و چوار هەزار تانکی بەرهەمبهێنێت، ئەمەش هەڕەشەیەکی جددی بۆ کیشوەرەکە دروستدەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment