ماکرۆن: پوتین 'ئیمپریالیستێکە مێژوو دەشێوێنێت

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڤلادمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیایی تۆمەتبار کرد بەوەی "ئیمپریالیستێکە کە مێژوو دەشێوێنێت" و "هەڵەیەکی مێژوویی" ئەنجام داوە.
ماکرۆن لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ناپلیۆن سەرکردایەتی فەتحەکانی دەکرد، تاکە دەسەڵات کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا دەیبینم ڕووسیایە، کە دەیەوێت فراوانخوازی ئەنجام بدات و پۆتین ئیمپریالیستێکە مێژوو و ناسنامەی گەلان دەشێوێنێت.
پێشتریش، پوتین وەڵامی وتارەکەی ماکرۆنی دایەوە، کە تیایدا ڕووسیای بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا وەسف کرد، پوتین ڕایگەیاند : هەندێک کەس لەبیریان چووە کە هەڵمەتی ناپلیۆن لە ڕووسیا چۆن کۆتایی هات.
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە مۆسکۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا هەڵبژێرێت کە ئاسایشی درێژخایەن و گەشەسەندنی بەردەوامی ڕووسیا مسۆگەر بکات".
هەروەها ماکرۆن ڕایگەیاندبوو: کە ڕووسیا نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک بۆ سەر هەموو ئەوروپا دەکات و پاریس گفتوگۆیەکی سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی فەرەنسا بۆ پاراستنی یەکێتی ئەوروپا دەستپێکردووە.
ماکرۆن لە وتارێکدا بۆ فەرەنسییەکان باسی لەوەکردبوو: ئەگەر وڵاتێک بتوانێت ئەوروپای دراوسێ داگیر بکات و بێ سزا بمێنێتەوە، کەس ناتوانێت لە هیچ شتێک دڵنیا بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا بەنیازە تا ساڵی 2030 سێ ملیۆن سەرباز کۆبکاتەوە و چوار هەزار تانکی بەرهەمبهێنێت، ئەمەش هەڕەشەیەکی جددی بۆ کیشوەرەکە دروستدەکات.