مۆڵەتی هاوردەکردنی ‌غاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق کۆتایی هات

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا، ڕایگەیاند: نزیکەی هەشت هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق بە ‌‌‌‌‌‌‌‌غازی ئێرانی بەرهەم دێت.

هەینی، 7ـی ئاداری 2025، عادل عبدولکەریم، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆکاروباری کارەبا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تەواوبوونی مۆڵەتی هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق کاریگەریی خراپی دەبێت،بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئێمە هیوادەخوازین مۆڵەتەکە نوێ بکرێتەوە.

عادل عەبدولکەریم، گوتی: پێویستە لایەنی کەم تا ساڵێکی دیکە مۆڵەتەکە درێژبکرێتەوە، لە ساڵی 2027 وە، عێراق دەتوانێت بڕێکی کەمی ‌غاز لە دەرەوە هاوردە بکات و زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: نزیکەی هەشت هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق بە ‌‌‌‌‌‌‌‌غازی ئێرانی بەرهەم دێت، بەتایبەتی بۆ ناوەڕاستی عێراق زۆر پشتی پێدەبەسترێت. 

عادل عەبدولکەریم، باسی لەوەکرد: غازی ئێران بۆ عێراق نرخێکی کەم دەکەوێت و غاز لە چەندین وڵات دەکڕێت، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کیشەی کارەبا کاتی پێویستە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment