شاندێکی حەماس بۆ پرسی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرەیە

بەرپرسێکی حەماس گوتی: شاندێکی بزووتنەوەکە بۆ مەبەستی پرسی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە و دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە قاهیرەیە.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند: شاندێکی باڵای سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس، بە سەرۆکایەتی محەممەد دەروێش، گەیشتە قاهیرە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە ڕۆژی شەممە لەگەڵ بەرپرسانی میسر کۆدەبێتەوە بۆ ڕاوێژکردن لەسەر پێشهاتەکانی دۆخەکە و، پێشکەوتنی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە.
لای خۆیەوە دەستەی گشتیی ڕاگەیاندنی میسر، هاتنی شاندەکەی حەماسی بۆ وڵاتەکە، بە مەبەستی دانوستانەکان تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە پشتڕاست کردەوە.
دەستەکە ڕایگەیاند: میسر و قەتەر، لە هەوڵەکانیان بە ئامانجی دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوام دەبن.
شەممەی ڕابردوو 1ـی ئاداری 2025، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان لە غەززە کۆتایی هات. ئیسرائیل هێشتا ڕەتیدەکاتەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەست پێبکات و زیاتر لە جارێک هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی کردووە.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر سوپای ئیسرائیل شەڕ لە کەرتی غەززە دەست پێ بکاتەوە، ئەوا بارمتەکان دەکوژێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، حەماس تا ئێستاش 24 بارمتە و 35 تەرمی لەناو کەرتی غەززەدا بەدەستەوەیە.