وەزارەتی بەرگریی سووریا کۆنترۆڵکردنی تەرتووس و لازقیە ڕادەگەیەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی پارێزگای تەرتووس و لازقیەی ڕاگەیاند و گوتی: ئەوانەی دەستیان هەبوو لە دروستکردنی ئپشێوی، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هەینی 7ـی ئاداری 2025، ئاژانستی هەواڵی سووریا "سانا"، لەسەر زاری  حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە ڕایگەیاند: هێزەکانمان بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە پێکدادانی چەکداری تێدا ماوە، هەروەها ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی وڵات هەبوو، بە توندی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات دەڵێت: سوپای وڵاتەکە تەواوی پارێزگاکانی تەرتووس و لازقیەی کۆنترۆڵ کردووە، هەروەها لەمەودوا ڕێگە نادەین چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت، هەر کەسێک چەکەکەی ڕادەست نەکات ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، سەردەمی ستەمکاری کۆتایی هاتووە و ڕژێمی بەعسیش بۆ هەمیشە بە خاک سپێردراوە و ناگەڕێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنیی له وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو زۆرێک له کارمەندانی پۆلیس و ئاسایشیان تیرۆر کرد، خەڵکێکی زۆر بەرەو کەناراوەکانی وڵاتەکە ڕۆیشتن، ئەمەش بووه هۆی دروستبوونی پێشێلکاری، ئێستا ئێمە بە ڕژدی کار بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە دەکەین، کە نوێنەرایەتی گەلی سووریا بە گشتیی ناکەن.

لای خۆیەوە کەناڵی فەرمیی سووریا، لە زاری بەرپرسی پۆلیسەوە ڕایگەیاندووە: شارەکان ئاسایشی تەواوییان بۆ دابین کراوە و گەمارۆی سەر شوێنە ئەمنییەکان و سەربازییەکان هەڵگیراوە و دەستمان کردووە بە پاککردنەوەی شارەکانی جەبلە و قەرداحە، هەروەها لادێکانی سەر بە پارێزگای لازقیە لە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو.

ڕۆژنامەی ئەلوەتەن بڵاوی کردەوە، لە پارێزگای لازقیە قەدەغەی هاتووچۆ تا سبەینێ شەممە، کاتژمێر 9ـی بەیانی بەردەوام دەبێت، هەروەها لە پارێزگای تەرتووسیش تا کاتژمێر 10ـی بەیانی.

خۆپیشاندان شارەکانی سووریای گرتەوە

سەدان هەزار سووری، ڕۆژی هەینی لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی نوێی سووریا ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی گشتیی وڵاتەکە.

خۆپیشاندەران داوایان لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان کرد، ئەو گرووپە چەکدارانە لەناو ببەن کە کارمەندانی ئاسایشی گشتی و خەڵکی مەدەنییان کوشتووە.

بەهۆی پێکدادانەکانەوە 147 کەس کوژراون

هەینی 7ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی حکوومەتی نوێی سووریا، لە لازقییە 69 عەلەوییان گوللـەباران کردووه‌.

ڕووداوەکە لە ڕێگەی چەند شایه‌تحاڵێک و گرتەڤیدیۆیه‌كه‌وه‌ پشتڕاست کراوه‌تەوە، کە تەرمی دەیان کەس لەسەر شەقام و شۆستەکان بینراوە.

پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی شەڕەکەوە جگە لەو 69 کەسەی گوللەباران کراون، 78 کەسی دیکەش کوژراون، کە 37ـیان لە هێزەکانی سووریا بوون، 34ـی دیکەش لە چەکدارانی سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد بوون، بەمەش ژماره‌ی كوژراوان گەیشتووه‌ته‌ 147 کەس.