شەرع بۆ پاشماوەکانی ئەسەد: تاوانێکی گەورەتان کرد و لێتان خۆش نابین

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا گوتی: دەبێت پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد چەکەکانیان ڕادەست بکەن. دەشڵێت: پاشماوەکانی ئەسەد تاوانێکی گەورەیان کردووە و لێیان خۆش نابین.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەمان نییە و وڵاتەکەمان یەکگرتووە، ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو پاشماوەکانی ئەسەد ویستییان سووریای نوێ تاقیبکەنەوە.
سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، دەڵێت: دەبێت پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد چەکەکانیان ڕادەست بکەن. گوتیشی: پاشماوەکانی ئەسەد تاوانێکی گەورەیان ئەنجام داوە هەرگیز لێیان خۆش نابین.
باسی لەوەش کرد، لە سووریای نوێ هیچ جیاوازییەک لە نێوان دەسەڵات و گەلدا نییە، پاراستنی وڵات لە ئەستۆی هەموواندایە.
ئەحمەد شەرع، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت و ڕێگە نادەن چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکار بهێنرێت.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزەکانی حکوومەتی نوێی سووریا، لە لازقییە 136 عەلەوییان گوللـەباران کردووه.
ڕووداوەکە لە ڕێگەی چەند شایهتحاڵێک و گرتەڤیدیۆیهكهوه پشتڕاست کراوهتەوە، کە تەرمی دەیان کەس لەسەر شەقام و شۆستەکان بینراوە.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی شەڕەکەوە 231 کەس لە عەلەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی نوێی سووریا کوژراون.