عێراق داوای دانبەخۆ داگرتن لە لایەنەکانی سووریا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات لێکەوتەی خراپی بۆ سەقامگیری ناوچە دەبێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سووریا هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند و داوای دانبەخۆداگرتن لە هەموو لایەنەکانی سووریا و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 8ی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە ڕووداو و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند و ئاماژەی داوە، ئەوەی ڕوودەدات، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچە دەبێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق ڕوونە، کە دەبێت گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شەڕ و ململانێکاندا بپارێزرێت و پێویستە هەموو لایەنەکان دانبەخۆیاندا بگرن و لە بری پەنابردنە بەر هێز و چەک، ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە بۆ چارەکردنی ناکۆکی و ململانێکان بگرنەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، دەبێتە هۆی قوڵتربوونەوە توندتیژی و بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان، ئەمەش ئاسایشی ناوچەکە لەبار دەبات و لەمپەر لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری دروست دەکات.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە مەینەتییەکانی گەلی سووریا چڕ بکەنەوە و هاوکار بن بۆ ئەوەی ڕێگە چارەی سیاسی بگیرێتەبەر لە پێناو یەکگرتوویی سوویا و پاراستنی خەڵکەکەی.
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سوپای نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتی نوێی سووریا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی پاشماوەی ڕژێمی ئەسەد، زیاتر لە 230 کەس کوژراون، بە گوێرەی ئامارێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە %68ی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین و لەلایەن هێزەکانی دەسەڵات گولـلەباران کراون.