سووریا..پاشماوەکانی ئەسەد هێرشیان کردە سەر بارەگای هێزە دەریاییەکان

وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئاداری 2025، هێرشێکی پووچەڵ کردۆتەوە کە لەلایەن چەکدارانی پاشماوەکانی بەشار ئەسەد کرابووە سەر بارەگاکانی هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکە لە شاری لازقیە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا "سانا" ڕاگەیاند، "هێزەکانمان توانیان هێرشێکی پاشماوەکانی ڕژێمی لەناوچوو، بۆ سەر فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان لە شاری لازقیە پووچەڵ بکەنەوە، هەروەها سەقامگیریی بۆ ناوچەکە گەڕێندرایەوە،"
ئەمەش دوای وتارەکەی سەرۆک کۆماری سووریا ئەحمەد شەرع دێت، کە تیایدا هۆشداریی بە "پاشماوەکانی ڕژێمی لەناوچوو" داوە، وەک خۆی وەسفی کردوون، کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت ئەگەر دەستپێشخەری نەکەن بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
دەسەڵاتداران بڕیاریان دا قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکانی پارێزگای تەرتووس و لازقیە لە کەناراوەکانی سووریادا بسەپێنن، ئەمەش دوای پێکدادانی توند لەنێوان چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد و هێزە ئەمنییەکان هات.