بەغدا کەوتە ژێر ئاو
محەممەد ڕوبەیعی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەمیندارێتی بەغدا ڕایگەیاند: ئەو بارانەی دوێنێ لە بەغدا باری لە توانای شارەکە بەڕێژەی 100٪ زیاتر بووە کە لە کاتژمێرێکدا 72 ملیم زیاتر بووە، لە کاتێکدا کە تواناکانی شارەکە بۆ بارانی بەخوڕ سنووردارە، بەشێوەیەک 24 بۆ 38 ملیمە لە کاتژمێرێکدا.
محەممەد ڕوبەیعی ئاشکرای کرد، دوای 2 کاتژمێر لە بارانی بەخوڕ و بەردەوام، ئینجا ماتۆڕەکانی ڕاکێشانی ئاو بەکارخراون، دەشڵێت: سەدا 90ـی ئەو ئاوی بارانەی لە شەقامەکانی بەغدا کۆ ببووەوە ڕاکێشراون، چەند کاتژمێرێکی دیکە تەواوی ئەو ئاوەی کۆبووەتەوە لە شارەکە، ڕادەکێشرێت و هاتوچۆ لە شەقامەکانی بەغدا ئاسایی دەبنەوە، ڕوبەیعی ڕایگەیاند: ئێستا شارەوانی کەڕادە لە چەند ناوچەیەکی بەغدا کار بۆ ڕاکێشانی ئاو دەکات لەڕێگەی 17 تیمەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکان بەردەوام دەبن تاکوو کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، عامر جابری لە دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەپۆلی باران بارین تاکوو نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: جگەلە بەغدا، بارانی بەلێزمە واسیت و ئەنبار و فەلوجە و قائیمی گرتووەتەوە، ئاشکرای کردووە، سەرباری باران، تەمو مژ ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە.