ئەرجەنتین.. لانیکەم 10 کەس لە ئەنجامی لافاو گیانیان سپارد
لە ئەنجامی بارانی بەخوڕ و هەڵسانی لافاو، بەشێکی زۆری شەقامەکانی شاری باهیا بلانکای ئەرجەنتین بنئاو کەوتن و لانیکەم 10 کەس گیانیان سپاردووە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئەرجەنتین، بارانە بەخوڕەکە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، 07-03-2025، دەستی پێ کردووە، بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت کاتژمێر بەردەوام بووە و زیاتر لە 300 میلیمەتر باران باریوە.
شاری باهیا بلانکا، بە دووریی 600 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 350 هەزار کەسە. لافاوەکە چەندان شەقامی سەرەکیی شارەکەی بنئاو خستووە و دەیان هەزار هاووڵاتیشی ئاوارە کردووە.
فیدریکۆ سۆسبیلیس، سەرۆکی شارەوانیی باهیا بلانکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند "هەرچەندە بارانەکە لە دوا نیوەڕۆی هەینییەوە، 07-03-2025، وەستاوە، بەڵام بەشێکی زۆری شارەکە بنئاو کەوتوون، بۆیە بە ڕەچاوکردنی قەبارەی کارەساتەکە، لەوانەیە ژمارەی قوربانییان زیاتر بێت."
EXTREME flooding in Bahía Blanca, Argentina today. At least six people have died....🌊 pic.twitter.com/jhq01zrekk
— Volcaholic 🌋 (@volcaholic1) March 7, 2025
سەرۆکی شارەوانیی باهیا بلانکا ئاماژەی بەوەش کرد "لەبەر هۆی ئەمنی، بڕیارمان داوە کارەبای گشتی ببڕین و داواش لە هاووڵاتییان دەکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. تەنها ڕێگە بە ئامێرە قورسەکان دەدەین هاتوچۆ بکەن، ئەمەش بە مەبەستی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە کاتی پێویستدا."
هەر بەهۆی لافاوەکەوە، سەرۆکی شارەوانیی باهیا بلانکا هەموو چالاکییەکانی ڕاگرتووە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکەیشی تاوەکوو کاتێکی نادیار دواخستووە.
Terrible floods due to extreme rainfall in Bahia Blanca of Buenos Aires province, Argentina 🇦🇷 (07.03.2025) pic.twitter.com/ny6fgFI6cc
— Disaster News (@Top_Disaster) March 7, 2025
ڤیێرا رۆمێرۆ، دانیشتووی باهیا بلانکا بە کەناڵی "ئال ئێن" ـی ئەرجەنتینی ڕاگەیاند "لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بارانەکە، ناچاربووین ئێمە و دراوسێکانمان بچینە سەر بانی ماڵەکانمان، چونکە باران زیاتر لە یەک مەتر باریبوو."
ئەمە جاری یەکەم نییە لافاو لە شارەکە هەڵبستێت، لە کۆتاییەکانی 2023، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ و ڕەشەبایەک کە خێراییەکەی لە 150 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، زیاتر بوو، زیاتر لە 13 کەس گیانیان سپارد و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.