دەست بە دابەشکردنی مینحەی سەرۆک وەزیران بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدیدا کرا

ئەمڕۆ شەممە، 08-03-2025، لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگی شوباتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر هاووڵاتییانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، کرا. 

سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمە شەشەم مانگە مینحەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەبێ جیاوازی، بەسەر زیاتر لە سێ هەزار و 500 هاووڵاتیی ئێزدیدا دابەش دەکرێت کە لە دوای ساڵی 2014 لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کراون." 

سەعید جەردۆ باسی لەوەش کرد "دابەشکردنی مینحەکەی سەرۆک وەزیران لە هەر چوار لقی بنکەی لالش، شێخان، شاریا، خانکێ و دێرەبوونێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت. تەنانەت ئەو ڕزگاربووانەی چوونەتە دەرەوەی وڵاتیش دەتوانن لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە وەریبگرن."

"مینحەی سەرۆک وەزیران پەیوەندی بە مووچەوە نییە"

سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش باسی لەوەش کرد "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێی ڕاگەیاندووین، بە باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، مینحەکە باشتر دەبێت و پرۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی ڕزگاربووانی ئێزدیی ژێر دەستی داعش دەکەین."

وەکوو ئەوەی سەعید جەردۆ ئاماژەی پێ دا "مینحەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەبێت." گوتیشی: "بەشێکی خەڵکی بە هەڵە تێگەیشتبوون، ئەم مینحەیە پەیوەندی بەو مووچەیەوە نییە کە ڕزگاربووان لە حکوومەت وەریدەگرن و تەنها هاوکارییەکی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە."

 

دەست بە دابەشکردنی مینحەی سەرۆک وەزیران بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدیدا کرا (وێنە: ماهر شنگالی - کوردستان24)

 

"سەنتەرێک بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکرێتەوە"

بە گوتەی سەعید جەردۆ "لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، هەموو ئەو قوتابییانە ئێزدییانەی بە هۆی ڕفاندنیان لەلایەن داعشەوە لە خوێندن بێبەش ببوون، گەڕاونەتەوە بەر خوێندن و ئێستا لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن. وەزارەتی پەرەوەردەش هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوون."

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەنتەرێکی تایبەت بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و چارەسەریی دەروونی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش لە دهۆک دەکرێتەوە. بەمزووانەش هەنگاوە کردارییەکان بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک دەست پێ دەکەین."

 ڕفاندن و ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی

بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی شەهید کراون. 

بە گوێرەی ئامارەکان، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، چەکدارانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و 400 کوردی ئێزدییان ڕفاندووە و لەو ژمارەیە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیان ڕزگار کراون. هەروەها تاوەکوو ئێستە چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار و دوو کەسی دیکەش نادیارە. 

لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، کوردانی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و بە گوێرەی ئامارەکان، ئێستە زیاتر لە 135 هەزار ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆک و هەولێر دەژین.