شاندی پارتی و بەرپرسی هەرێمی ئانهۆ لە چین دۆخی سیاسیی ناوخۆ و عێراق و سووریایان تاوتوێ کرد
لە سەردانەکەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چین، ڕۆژی هەینی شاندەکەی پارتی لەگەڵ یانگ گوانگرۆنگ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی ئانهۆ و بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیستی چین لەو هەرێمە، کۆ بوونەوە.
لە دیدارەکەدا، یانگ گوانگرۆنگ پوختەیەکی لەسەر هەرێمەکەیان خستە ڕوو و گوتی: ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە 62 ملیۆن کەسن و یانزەیەمین هەرێمی چینن لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە.
هەروەها جەختی کردەوە، کە چین بایەخی تایبەتی بە عیراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی لە ناوچەکە بەرز دەنرخێندرێت و داوای کرد پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.
هێمن هەورامی وەک سەرۆکی شاندی پارتی، سڵاو و ڕێزی سەرۆک بارزانییان لە ڕیگای گوانگرۆنگەوە بۆ سەرۆکی چین، شی جینپینگ نارد، هەروەها پوختەیەکیان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و سیاسەتەکانی پارتی بۆ حوکمڕانی و دۆخی سیاسی ناوخۆ و عێراق و سووریا و پرسی کورد لە ناوچەکە و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و نێودەوڵەتی خستە ڕوو.