ئەمەریکا هێلیکۆپتەری ئەپاچی لە عێراق جێگیر دەکات
ماڵپەڕێکی ئەمەریکی تایبەتمەند لە کاروباری سەربازی و جەنگدا ئاشکرای کرد، ئەمەریکا هێلیکۆپتەرەکانی ئەپاچی کە بە مووشەکی دروستکراوی ئیسرائیل تەیار کراون، بۆ یەکەمجار لە عێراق جێگیر دەکات.
ماڵپەڕی 'زە وار زۆن'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی جۆری AH-64 ئاپاچی سوپای ئەمەریکا کە لە عێراق جێگیری کردوون، بە مووشەکی سپایک نیلۆس، دروستکراوی ئیسرائیلی تەیار کراون، ئاماژەی بەوەش کردووە، پێدەچێت ئەمە یەکەمجار بێت کە ئەم جۆرە فڕۆکانە بەم شێوازە لە ناوچەیەکی ئاڵۆز جێگیر بکرێن.
ماڵپەڕەکە جەختی کردەوە، مووشەکی سپایک نیلۆس، ئامانجەکانی لەسەر وشکانی و دەریادا باشتر دەپێکێت.
مووشەکی سپایک نیلۆس، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بەکار دەهێنرێت، بەگوێرەی کۆمپانیای بەرهەمهێن، 'ڕافائیل' ئەم نەوەیەی ئێستا ئامانجەکانی لەدووری 20 میل دەپێکێت.