ئەنەکەسە بۆ ئیدارەی نوێی سووریا: حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن
"پێشهاتەکانی سووریا پشێوی و دابەشکاری زیاتر دەکەن"
ئەنەکەسە پێی وایە "پێشهاتەکانی سووریا پشێوی و دابەشکاری زیاتر دەکەن" بۆیە داوا لە ئیدارەی نوێی سووریا دەکات "حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن."
شەممە، 08-03-2025، ئەمنیدارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دا "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە" چاودێریی پێشهاتە خێراکانی کەناراوەکانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای نیشتمانیی سووریا و پاشماوەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکەن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەنەکەسە بە توندی سەرکۆنەی هەموو کردەیەکی چەکداریی دەکات کە سەقامگیریی و هێزەکانی ئاسایشی گشتی دەکەنە ئامانج و پێمان وایە، ڕژێمی دیکتاتۆر کە وڵاتی وێران کرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، تاوەکوو ئێستەش هەوڵ دەدات، دۆخی ئێستە بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەکار بهێنێت و سوود لە دەستێوەردانە هەرێمییەکان و بۆشاییانە وەربگرێت کە ڕێگرن لە بەردەم دەستپێکردنی پرۆسەی گۆڕانی دیمۆکراسیی ڕاستەقینە."
بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی شەڕەکە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەدان کەس کوژراون کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن. ئەنەکەسە پێی وایە ئەم شەڕە "دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سووریا و پشێوەی و دابەشکاریش زیاتر دەکات."
ئەنەکەسە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا "هۆشداریی لە قووڵبوونەوەی کارەساتەکە لە ڕێگەی چەسپاندنی سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەدات کە حکوومەتی کاتیی سووریا بە سیستەماتیک جێبەجێی دەکات و لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئاییندەی وڵات دەبێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، ئەنەکەسە داوا لە ئیدارەی نوێی سووریا دەکات، حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییانە بکات و ڕێکاری بەپەلە بگرێتە بەر بۆ ڕێگریی لە پێشێلکارییەکانی بەرانبەر هاووڵاتییانی سڤیل."
ئەنەکەسە باسی لەوەش کردووە "ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان، لە چەندان ناوچەی سووریا ناڕەزایەتییەکان زیادیان کردووە و داوای بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە داڕشتنەوەی دەستوور و ئاوەدانکردنەوەی داهاتووی وڵاتدا دەکرێت".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، جەخت لە بەستنی دیالۆگێکی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەسەر بنەمای فرەلایەنی و دیموکراسی دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە "دیالۆگ و چارەسەریی سیاسی، تاکە ڕێگەن بۆ دەربازبوون لە قەیرانە کەڵەکەبووەکان."