ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا: پێشوازیی لە پێشنیازی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەین

هەریەک لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پشتگیریی لە پێشنیازەکەی لووتکەی بەپەلەی کۆمکاری عەرەبی بۆ بنیادنانەوەی غەززە دەکەن و بە ڕێگەیەکی ڕاست وەسفی دەکەن، هاوکات ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامییش پێشنیازەکەی قبووڵ کردووە.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، ڕاگەیەندراوەکی هاوبەشیان لە بارەی پێشنیازی لووتکەی کۆمکاری عەربی بڵاو کردووتەوە کە تێیدا هاتووە، ئەگەر ئەو پلانەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی وەکوو جێگرەوەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جێبەجێ بکرێت، ئەوا ڕێگریی دەکات لە ڕوودانی کارەسات لە غەززە.
هەروەها ڕاشیانگەیاندووە، ئێمە ئامادەین کار لەسەر دەستپێشخەرییەکەی وڵاتانی عەرەبی بکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە حەماس نابێت نە ڕۆلی لە حکوومەتی غەززە دا هەبێت، نە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی، لە لووتکەی بەپەلەی ئەمڕۆی سعوودییە، پێشنیازەکەی پەسەندکرد و داوای کرد بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.
ڕێکخراوی ھاوکاریی ئیسلامی، کە نوێنەرایەتی جیهانی ئیسلامی دەکات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات پشتگیری لە پلانەکە بکەن و هاوکاری دارایی دابین بکەن.
هەرچەندە لە پێشنیازەکەی کۆمکاری عەرەبی، حەماس هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە غەززە، بەڵام هەر یەکە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل پێشنیازەکەیان ڕەت کردووتەوە.
سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، لووتکەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تایبەت بە دۆخی غەززە و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بەڕێوەچووە و پێشوازییان لە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە کرد.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، پلانەکەی میسر لە 112 لاپەڕە پێکهاتووە و نەخشەکانی بە زیرەکی دەستکرد دروست کراوە و باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون و فڕۆکەخانە و هۆتێل و چەندین شوێنی دیکەش لەخۆ دەگرێت.
ئاشکراشی دەکات، پلانی میسر بۆ بونیادنانەوەی کەرتی غەززە پێنج ساڵ دەخایەنێت، تێچووی جێبەجێکردنی پلانەکە نزیکەی 53 ملیار دۆلار دەبێت، بەڵام ئەو لایەنەی بنیادنانەوەی غەززە پارەدار دەکات دەستنیشان نەکراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: لە سەرەتادا بۆ ماوەی شەش مانگ پاشماوە و داروپەردووەکان کۆدەکرێنەوە و یەکەی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ دانیشتووانی غەززە دادەنرێت، دواتر لە دوو ساڵی یەکەمی پلانەکەدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەشی 20 ملیار دۆلار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی دووەمدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە و فڕۆکەخانەیەك لە کەرتی غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەش 30 ملیار دۆلار دەبێت.
لەبارەی ئایندەی بەڕێوەبردنی غەززە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پلانەکەی میسر بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاند، بنیادنانەوەی غەززە پێویستی بە ڕێخکستنەوە بۆ دەسەڵاتی راگوزەر و دابینکردنی ئاسایش هەیە و کەرتی غەززەش بەشێکی جیانەکراوەی خاکی فەڵەستینە.