حەماس: ئاماژەی ئەرێنی بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لە ئارادایە

گوتەبێژی حەماس دەڵێت: ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لە ئارادایە.

شەممە 8ـی ئاداری 2025، عەبدولـلەتیف قانوع، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: لە کاتێکدا شاندێکی حەماس بۆ پرسی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرەیە، گەشبینین بەوەی ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە هەیە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی وڵاتانی نێوەندگیر؛ میسر و قەتەر بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامە.

هەینی 7ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند: شاندێکی باڵای سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس، بە سەرۆکایەتی محەممەد دەروێش، گەیشتە قاهیرە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی میسر کۆدەبێتەوە بۆ ڕاوێژکردن لەسەر پێشهاتەکانی دۆخەکە و، پێشکەوتنی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە.

لای خۆیەوە دەستەی گشتیی ڕاگەیاندنی میسر، گوتی: میسر و قەتەر، لە هەوڵەکانیان بە ئامانجی دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوام دەبن.

شەممەی ڕابردوو 1ـی ئاداری 2025، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان لە غەززە کۆتایی هات. ئیسرائیل هێشتا ڕەتیدەکاتەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەست پێبکات و زیاتر لە جارێک هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی کردووە.

لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر سوپای ئیسرائیل شەڕ لە کەرتی غەززە دەست پێ بکاتەوە، ئەوا بارمتەکان دەکوژێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، حەماس تا ئێستاش 24 بارمتە و 35 تەرمی لەناو کەرتی غەززەدا بەدەستەوەیە.

 
Fly Erbil Advertisment