تورکیا.. 69 ئافره‌ت لە سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه كوژراون

هه‌زاران ئافره‌ت له ژماره‌یه‌ك له شاره‌كانی توركیا له ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تاندا خۆپیشاندانیان كرد و داوای باشتركردنی ڕه‌وشی ئافره‌تان و پێویستی وه‌ستاندنی تاوانه‌كانی كوشتن‌یان كرد.
شه‌ممه، 8ـی ئاداری 2025، هه‌زاران ئافره‌ت له ژماره‌یه‌ك له شاره‌كانی توركیا له ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تاندا خۆپیشاندانیان كرد و داوای جێبه‌جێكردنی "ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیستانبوڵ"ـیان كرد، كه ئافره‌تان له توندوتیژی و كوشتن له لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌پارێزێت.
ئافره‌تان له ئیستانبوڵ و شاره‌كانی دیكه‌ی توركیا به پێویستیان زانی كۆتایی به كوشتنی بێپاساوی ئافره‌تان ئه‌و وڵاته بێت و جه‌ختیان كرده‌وه، ڕێكخراوه‌كانی ئافره‌تان به پێویستی ده‌زانن ئه‌نقه‌ره بگه‌ڕێته‌وه ڕێككه‌وتننامه‌ی ئیستانبوڵ له‌وه‌ته‌ی ته‌ممووزی 2021ـوه لێی كشاوه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییهكانییهوه له‌باره‌ی ئافره‌تانه‌وه لێی گیراوه.
ئافره‌تان له ئیستانبوڵ سه‌كۆیه‌كیان به ناوی "كوشتنی ئافره‌تان بوه‌ستێنن" دانا و تێیدا دۆخی ئافره‌تانی توركیایان خسته‌ڕوو و سه‌كۆیه‌كه ڕایگه‌یاند، 69 ئافره‌ت له‌وه‌ته‌ی سه‌ره‌تای ساڵی 2025ـوه له لایه‌ن پیاوانه‌وه له توركیا كوژراون.
سه‌كۆیه‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، 445 ئافره‌ت له ساڵی 2024ـدا له لایه‌ن پیاوانه‌وه كوژراون. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، جگه له‌و 445 ئافره‌ته، هاوكان سه‌دان ئافره‌تی دیكه‌ش به‌بێ هۆكارێكی دیاریكراو كۆتایی به ژیانیان هاتووه.