دیندار زێباری: لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی زۆر بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان نراوە

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 75%ـی ڕاسپاردەکان جێبەجێکراون کە بەشێکیان تایبەتن بە مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی.

 شەممە 8ـی ئاداری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و کردارییەوە، لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (8)ـی ساڵی 2011، کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەم شێوەیە یاسایەک دەرنەچووە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی. جگە لەمە، چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە و ڕێنمایی تایبەت دەرچوون کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان."

ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 75%ـی ڕاسپاردەکان جێبەجێ کراون کە بەشێکیان تایبەتن بە مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی. هەروەها ڕێکاری تایبەت دەرکراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تر. لە لایەکی دیکەوە، پێنج شێڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و شێڵتەرێکیش بۆ قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ئێستادا دەیان ئافرەت لەخۆ دەگرن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان گوتی: "زیاتر لە %30ـی ئافرەتان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە حکوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دان، هەروەها لە دەزگا ئەمنییەکانیش ڕێژەیان گەیشتووەتە 10%. لە لایەکی دیکەوە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی ئافرەتە سەرکەوتووەکان زیاتر بوو لە 30%.

 
 
Fly Erbil Advertisment