ڕوانگەی سووری: زیاتر لە هەزار کەس لە کەناراوەکاندا کوژراون

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا بۆ زیاتر لە هەزار کەس تێپەڕی.

ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەناراوەکانی سووریا تا ئێوارەی شەممە، گەیشتووەتە هەزار و 18 کەس.

ڕوانگەکە ڕوونی کردەوە، لە نێو کوژراوەکاندا 745 هاووڵاتی مەدەنی هەن لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون.

ڕوانگەکە کوژرانی 125 ئەندامی ئاسایشی گشتیی و وەزارەتی بەرگریی و هێزەکانی هاوپەیمانی پشتڕاست کردەوە.

بەگوێرەی ڕوانگەکە، لە نێو کوژراوەکاندا 148 چەکدار لە پاشماوەکانی ڕژێمی یاخیبووی پێشوو هەبوون.

مستەفا کەنیفاتی، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتیی ئاسایش لە پارێزگای لازقیە، ڕایگەیاند، هەر کەسێک سەلمێنراوە کە دەستی لە هێرشەکاندا هەیە، چ پاشماوەی ڕژێم بێت یان دز و ئەوانەی ئەمنییەت تێک دەدەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئێمەش هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر.

کەنیفاتی دەشڵێت: ئێمە پابەندبوونی تەواومان بۆ پاراستنی ئاشتیی مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەموو هاووڵاتییان دووپات دەکەینەوە و هیچ سازشێک لەسەر ئەم بنەمایە ناکرێت.

گوتیشی: ئێمە ڕێگە بە فیتنە و بە ئامانجگرتنی هیچ پێکهاتەیەکی گەلی سووریا نادەین و دەوڵەتی یاسا تاکە گەرەنتییە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری.

کەنیفاتی ڕاشیگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە نەخرێنە ناو هیچ بانگەوازێکی هەڵەوە، هەروەها بابەتەکە بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان جێبهێڵن.

لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی کەناراوەکانی سووریا بەردەوامە، ئەمەش لە دوای زنجیرەیەک هێرشی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی حکوومەتی ڕاگوزەر.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment