واشنتن لێخۆشبوونی کارەبا و وزە لە ئێران بۆ عێراق نوێ نەکردەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ دەستبەرداربوونەکانی عێراق بۆ کڕینی کارەبا و وزە لە ئێران نوێ نەکردۆتەوە.

تامی بروز، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: واشنتن ڕێگە بە تاران نادات هیچ بڕە یارمەتیەکی ئابووریی و دارایی بدرێت.

جەختیشی کردەوە، زۆرترین فشاری سەرۆک ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و کەمکردنەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێران و ڕێگرتن لە پشتیوانیی گرووپە تیرۆریستییەکانە.

بروز ڕاشیگەیاند، ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەموو ئەو دەستبەرداربوونانەی هەن لە سزاکان دەکات، هەر پاڵپشتی ئابووریی پێشکەش بە ئێران دەکەن، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات بە زووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوەی وزە ئێرانییەکان بهێنێت.

ڕۆژی هەینی، سکۆت بێزانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دووبارە مایەپووچکردنی ئێران، دەستپێکی پێداچوونەوەی سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمەریکایە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، عێراق بە فەرمی ئاگادار نەکراوەتەوە لە کۆتایی هاتنی لێخۆشبوونەکان لەسەر گازی هاوردەکراوی ئێران، هاوکات ئاماژەی بەوە دا، حکوومەت سیناریۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی پەیوەست بە هاوردەکردنی گازی ئێرانی داڕشتووە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment