ئەمەریکا هەڕەشە لە بانکی ناوەندیی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات

شارەزایان پێیان وایە، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق جێبەجێ بکرێن، دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازاڕی دارایی عێراق و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ڕێگریی لە هەناردەکردنی نەوت دەکات، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکوومەتە.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، مستەفا سەند، لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد، هێزە سیاسییەکانی عێراق هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکا پێ گەیشتووە، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر بانکی ناوەندی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، جگە لە کەسایەتییە دیارەکان.


سەند ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەڕەشەکان هەژماری بانکی کەسیشیان لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ئەگەری سەپاندنی قەدەغەکردنی گەشتکردنیان."

سەڵاح موسەوی، پسپۆڕی وزە ڕایگەیاندووە "سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیای سۆمۆ ڕەوا نییە، چونکە هیچ پێشلێکارییەکی نەکردووە، جا پێشێلکارییەکان بەگوێرەی یاسای ئەمەریکا بێت یاخود بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت.

موسەوی گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی نەوت لە ڕێگەی لایەنە ناسراوەکانی ناوخۆی عێراقەوە دەکرێت، لەوێشەوە نەوتەکە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەر عەباسی ئێران، لەوێشەوە بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێت کە دەگاتە 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، یان تێکەڵ بە نەوتی ئێران دەکرێت و بە کاغەزی ساختە لە بازاڕە جیهانییەکان وەک نەوتی عێراقی دەفرۆشرێت، بەڵام ئەمە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە ناکرێت."

موسەوی، جەختیشی کردەوە "دەبوو سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر لایەنە ڕاستەقینەکانی پەیوەست بە قاچاخچێتی نەوت بێت، نەک سزا بەسەر کۆمپانیای سۆمۆدا بسەپێنێت، کە بەپێی یاساکان کار دەکات."

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە بەڵگەنامەی دزەپێکراوی ئاشکرا کردووە تێیدا هاتووە "تێوەگلانی لایەنە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی نەوتی ئێران، لە ڕێگەی ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) پشتڕاست دەکاتەوە، کە باری نەوتی ئێران وەک نەوتی عێراقی هەناردە دەکرا، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لەو کەشتیانەی کە بە ناوی جیاواز و بەڵگەنامەی ساختەوە تۆمار کراون."