زیقار.. ڕێژەی خۆکوشتن و ئالوودەبوونی گەنجان بەماددەی هۆشبەر زۆر بووە

لە پارێزگای زیقار ڕێژەی خۆکوشتن و ئالوودەبوونی گەنجان بەماددەی هۆشبەر زۆر بووە، لەگەڵ ئەمەشدا لە سەرتاسەری پاریزگاکەدا تەنیا چوار پزیشکی دەروونی هەیە.

دانیشتووانی زیقار داوا لەوەزارەتی تەندروستیی عێراق دەکەن، بایەخی زیاتر بەلایەنی دەروونیی هاووڵاتیان بدەن و پزیشکی زیاتریان بۆ بنێرن، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بەچارەی دەروونی هەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات.

عەبدول حەسەن نیازی، بەرپرسی سەندیکای پزیشکانی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەم کاتەدا ئێمە تەنیا چوار پزیشکی ڕاوێژکاری دەروونی و دوو پزیشکی نۆژدارمان هەیە، ئەمەش زۆر کەمە. هۆی ئەم کەمییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پسپۆڕی لەم بوارەدا، پزیشکان زۆر بە کەمی ئەم بوارە دەخوێنن، چونکە دەیانەوێت پەیوەندیی زیاتریان لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت، لەگەڵ ئەوەش ئێمە بەشی بۆردی دەروونیمان کردووەتەوە و قوتابی نوێمان وەرگرتووە.

هاووڵاتییەکی زیقار دەڵێت: داوامان لە لایەنی پەیوەندیداری پارێزگای زیقار هەیە بایەخی زیاتر بە دامەزراندنی پزیشکی دەروونی بدەن، هەروەها ناوەندی چارەکردنی کێشەی دەروونیی زیاتر بکەنەوە، چونکە لێرە یەک ناوەند هەیە.

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: داوامان لە وەزارەتی تەندروستیی هەیە، پزیشکی دەروونی زیاترمان بۆ بنێرن، چونکە لە زیقار ڕێژەی خۆکوشتن و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر زۆر بووە.

لەپەراوێزی ئەم کەموکورتییە لە لایەنی تەندروستیی، بەتایبەتی پزیشکی دەروونی، ژمارەی ئەو کەسانەی بەمەبەستی چارەی دەروونی سەردانی پزیشکەکان دەکەن، تادێ و زیاتر دەبن، بەگوێرەی ئامارەکان مانگانە 121 کەس بەمەبەستی چارەی دەروونی لە زیقار سەردانی ناوندە پزیشکییەکان دەکەن.