ئەحمەد شەرع: هیچ مەترسییەک لەسەر سووریا نییە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا دەڵێت: ئەو ئاڵۆزیانەی هەن، پێشبینیکراون و هیچ مەترسییەکان لەسەر سووریا نییە.
ئەحمەد شەرح دوای نوێژی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاداری 2025، لە مزگەوتێکی گەڕەکی مەزەی دیمەشق لە گوتارێکدا بۆ نوێژکەرانی مزگەوتەکە گوتی: ئەم وڵاتە فرە پێکهاتەیە و ئەوە ئاڵنگارییانەشی هەن پێشبینیکراو بوون و شتێکی ئەوتۆ نین، هەربۆیە گرنگە پارێزگاری لەم وڵاتە و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بکەین.
گوتیشی: توانامان هەیە لەم وڵاتە بەیەکەوە بژین، ئەوەشی ڕوو دەدات هیچ مەترسییەکی بۆ سەر سووریا نییە، بۆیە دڵنیابن لەوەی بە شکۆمەندییەوە بژین.
سەرۆکی نوێی سووریا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی دا، کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەم مزگەوتە بە ترسەوە نوێژی کردووە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر بە شکۆمەندییەوە بۆی گەڕاوەتەوە.
لە ڕۆژی هەینییەوە شەڕێکی توند لە نێوان هێزەکانی سوپای نیشتمانی و ئاسایشی گشتی دەسەڵاتی نوێی سووریا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی پاشماوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا دەستی پێ کردووە، بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە هەزار کەس کوژران، کە بەشێکی زۆریان خەڵکی مەدەنین و لە تایفەی عەلەوین، لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە گولـلەباران کراون.
هەر ڕۆژی هەینی، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند، لە ڕاوەدونانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بەردەوام دەبن و ڕووبەرووی یاسایان دەکەنەوە، داواشی لێکردن بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، چەکەکانیان دابنێن.