پاشماوەکانی ئەسەد هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سووریا

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، هێرش کرایە سەر کۆمپانیای 'سادکوپ' لە پارێزگای لازقیە.

سەرچاوەیەک بە سانای گوتووە: هێزەکانمان توانیان هێرشێکی پاشماوەکانی بەشار ئەسەد بۆ سەر کۆمپانیای 'سادکۆپ' پوچەڵ بکەنەوە.

کۆمپانیای سادکۆپ، کۆمپانیایەکی سووریە و تایبەتە بە هەڵگرتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.

ئاژانسی هەواڵی سانا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە "کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە پارێزگای ئیدلبەوە بەرە و کەناراوەکانی سووریا بەڕێ کەوت بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی ڕووخاو و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

هاوکات لە ڕۆژی پێنجشەممەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و پاشماوەکانی بەشار ئەسەد، دەستی پێ کردووە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا 1018 کەس کوژراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە نێو کوژراوەکاندا 745 هاوڵاتی مەدەنی هەبوون، هەروەها 125 ئەندامی ئاسایشی گشتی و وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی هاوپەیمانی سووریاش کوژراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، 148 چەکداری پاشماوەکانی ڕژێمی پیشوو و لایەنگرەکانی کوژراون.

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment