سەدا 35ـی ئەو دەرمانەی لە عێراق ھەیە ساختەیە

کەرتی تەندروستیی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە، ملیۆنان هاووڵاتی توانای کڕینی سەرەتاییترین دەرمانیان نییە، یاخود دەستیان پێ ناگات. تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نرخی دەرمان نزیكەی 4 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
لە عێراق نەبوونی سیستەمێکی تۆكمە بۆ دیاریكردنی نرخ، ڕێگە بە دەرمانخانەکان دەدات دەستکاریی نرخەكان بکەن. ساڵی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕێکاری نوێی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان گرتەبەر و ڕایگەیاند، لە سەرجەم دەرمانخانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی عێراق دەبێت هەموو دەرمانێک ستیکەری بچووکی لەسەر بێت، کە تێیدا زانیاریی تەواوی لەبارەی دەرمانەکە تێدایە، ئەمە وێڕای نرخەکەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دیاری کراوە.
لەوبارەوە موحان ساعدی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، ئــاماژەی بەوە دا "بەھۆی كەمیی دەرمان و نەبوونی سیستەمێكی چاودێریی تۆكمە و دەرمانی ساختەوە، وەزارەتی تەندروستی لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بازاڕی دەرمان بكات." ئاماژەی بەوەش كرد، ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی، کۆمپانیا بیانییەكانی بێهیوا کردووە لە چوونە ناو بازاڕی دەرمانەوە، ئەمەش دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی کوالێتی بەرزی سنووردار کردووە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق "دامەزراوە حكوومییەكانی وەکو کیمادیە کە بەرپرسە لە دابینكردنی دەرمان، بە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بەناوبانگە، ئەمەش کێشەکەی گەورەتر کردووە."
لای خۆیەوە ئوسامە ھادی، گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق، ئــەوەی خستە ڕوو "دەرمانی ساختە بەشێکی بەرچاو لە بازاڕی دەرمانی عێراق پێک دەهێنێت. بەپێی خەمڵاندنەكان، سەدا 35ـی ئەو دەرمانەی لە عێراق ھەیە ساختەیە یان بە شێوەیەکی نایاسایی هاوردە دەکرێن." ڕوونیشیكردەوە، "قاچاخچێتی ڕۆڵێکی سەرەکی لە هاتنی دەرمانی ساختە و خراپ دەگێڕێت. ئەم دەرمانانە بەبێ پشكنین لە وڵاتانی دراوسێوە ھاوردە دەكرێن، ئەمەش هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕێکخستنی بازاڕی دەرمان و پاراستنی بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان پەك دەخات."
ساڵی 2023 حكوومەتی عێراق، بە دانانی ستیكەر لەسەر دەرمان رێکاری نوێی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان گرتەبەر كە ئامانجی لێی دیاریكردنی نرخ و رێگریكردن بوو لە بڵاوكردنەوەی دەرمانی ساختە، بەڵام سەڕەرای گرتنەبەری ڕێكارەكە، کەمیی دەرمان بەردەوامە، ھەروەھا بەھۆی نەبوونی چاودێرییەكی تۆكمە لەسەر سیستەمەكە و دەستکاریکردنی بەردەوامی نرخی دەرمان، ڕێكارەكە سەركەوتوو نەبووە.