نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل دەیەوێت ئۆنروا لە فەڵەستین پاکتاو بکات

فرانسیسکا ئەلبانیز، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە فەڵەستین، ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئامانجی پاکتاوکردنی ئۆنروایە، بەو پێیەی کە ڕەمزی بوونی نێودەوڵەتییە لە فەڵەستین.

ئەلبانیز لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت کۆتایی بە ئۆنروا بهێنێت کە بە بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتی دامەزرا و بە ڕێسا و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزراوە.

ئەو ڕوونیشی کردەوە، "ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی فەڵەستینی، پەلاماری ئۆنراو نادات، بەڵکو بە ئامانجی خۆیەتی، چونکە گەورەترین دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانە لە فەڵەستین، هەربۆیە ڕزگاربوون لێی دەبێتە هۆی ئاسانکاری و خێراترکردنی نەهێشتنی هەر ئامادەبوونێکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دژایەتی سیاسەتی تەلئەڤیڤ دەکات بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ملکەچکردنی گەلی فەڵەستین."

ئۆنروا لەناو نابرێت، چونکە بەشێکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەگەر وڵاتانی ئەندام بیانەوێت کۆتایی بە کارەکانی بهێنن، ئەوا تەنها لە ڕێگەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەتوانن ئەوە بکەن، نەک بە گۆڕینی یاساکان یان بە تاوانبارکردنی دەزگاکە وەک ئیسرائیل، هەروەها بە بڕینی بودجەی ئەو دەزگایە وەک ئەوەی سویسرا و هۆڵەندا و ئەمەریکا و ئەوانی دیکە کردوویانە سەبارەت بە مافی پەنابەرانی فەڵەستینی، ئەوان بە پارێزراوی دەمێننەوە، چونکە ئەو مافانە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دیاری کراون". 

ئاماژەی بەوەش کرد "نابێت داواکاریی هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێ بخرێت بەهۆی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین".

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی 15 مانگدا ئیسرائیل 70%ی بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە غەززە لەگەڵ قوتابخانەکانی ئۆنروای لەناو بردووە کە پەنابەرانیان داڵدە دەدا، هەروەها منداڵانی بۆمباران کردووە، لەکاتی گەڕان بەدوای پەناگەدا لە دامەزراوەکانی ئۆنروا؛ هەروەها ئیسرائیل ئۆنروای تاوانبار کرد و بە تیرۆر وەسفی کرد، زۆرێک لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە دژەجوو تۆمەتبار کرد.

لە کۆتاییدا گوتی: ئیسرائیل لە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتییدا میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی دڕاند و هەر بۆیەش بەهۆی بێڕێزیکردنی بە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شایەنی ئەوە نییە وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی پاشەکشە بکات و ڕێز لە ڕێسا و یاساکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بگرێت.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment