قۆناغێکی دیکەی خزمەت... دەستکردن بە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی
گەورەترین پڕۆژەی شارەکە بەگوژمەی 400 ملیار دینار

K24 - سلێمانی
شەقامی 100 مەتری سلێمانی، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، ئەمڕۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا. پڕۆژەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکانی سلێمانی و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.
شەقامەکە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی. لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، کە بە سێ قۆناغ بە گوژمەی 400 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی دروستکردنی شەقامەکە دەستیپێکرد. لەو قۆناغەدا 32 کیلۆمەتر تەواودەکرێت، کە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو گوندی دەمرکان، دواتر دەست بە قۆناغەکانی دیکە دەکرێت.
بەرپرسانی هاتووچۆ لە سلێمانی باس لەوە دەکەن، بە تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە تاوەکو 20 ساڵی دیکە کێشەی جەنجاڵی بەهۆی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی کەمدەبێتەوە.

لە کابینەی نۆیەمدا، حکومەت زۆر گرنگی بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەکان داوە؛ چونکە خراپی و کۆنیی بەشێکی رێگەکان، یەکێک بووە لە گلەییە بەردەوامەکانی هاووڵاتییان.
لە یەک ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمیشدا، حکومەت 166 ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ (شەممە، 11-7-2020) لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا، کە پرۆژەکە لە 13-2-2020 رەزامەندی لەسەر دراوە.
مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا لە مەراسیمەکە رایگەیاند "بێگومان ئەمە یه‌كێكه له پرۆژه هه‌ره گه‌وره و ستراتیژیەکانی حكومه‌ت بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی... لە حكومه‌ت بێ جیاوازی گرنگیمان به هه‌موو ناوچەکان داوه، بەڵام دوای ده‌ستپێكردنی کارەکان هه‌ندێك قه‌یران هاتنه پێش، كه رێگریان له زۆر پرۆژه‌ی حكومه‌ت كرد، به‌ڵام ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه نیشانه‌یه‌كه بۆ به‌رده‌وامیی و ناهێڵین هیچ قه‌یران و ئاسته‌نگێک بمانوەستێنێت و كابینه‌كه‌شمان خزمه‌تگوزار ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك".
شەقامی 100 مەترسیی سلێمانی لە 7 حەوت یەکتربڕ پێکدێت، کە چواریان گەورەن و سیانیان بچووکن، هەروەها هەشت پردی پەڕینەوە لەخۆدەگرێت.
دەستکردن بەو پرۆژەیە لەکاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش، قەیرانی دارایی دروست بووە، بەڵام حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکەی.

سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی "ئه‌وه‌ی له تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئه‌وەی ئەو جۆره پرۆژانه له كاتی پێویست جێبه‌جێ بكرێن. قه‌یرانی ئابووری، كه تووشمان بووه، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كه هه‌ره‌سی به زۆر شوێنی جیهان هێناوه و كوردستانیش له‌و قه‌یرانه به‌ده‌ر نییه، کاریگەرییان لەسەر حکومەت هەبووە. ئه‌وه‌ش ناچاری كردووین خۆمان بگونجێنین".
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە لەوەی "سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م و به‌رده‌وام ده‌بین له خزمه‌تگوزاری. ئێمه حكومه‌تێكی فرهلایهنین و هاوپه‌یمانین له چه‌ند حیزبێكی جیاواز پێکهاتووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێمان دیاره هیچ هه‌ست به‌وه ناكه‌ین كه له حیزبی جیاواز بین، ئه‌مه‌ش وایكردووه تیمه‌كه گونجاوتر به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ین. ئێمە: بەخۆم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانەوە، کەسی حزبیمان نییە".
هەروەها هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له گوتارێكدا له مهراسیمەکە گوتی "سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەین کە بەڵێنەکانی کردە بڕیار و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد". ئاشكراشی کرد "چەندین پرۆژەی گرنگی دیكه لە سلێمانی ئەنجام دەدرێن".