عێراق بۆ ئەمەریکا: ڕاگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی کارەبا

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نامەیەکی ئاراستەی حکوومەتی ئەمەریکا کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕاگرتنی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی تۆڕی کارەبای عێراق لە هاوینی داهاتوو.
عەتوان عەتوانی و دانیال ڕوبینشتاین باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆ بوونەوە، لە دیدارەکەدا ئەو پەرلەرمانتارە جەختی لە پێویستی پەیوەندیی بەردەوام کردەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا.
هەر لەو دیدارە، تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی دۆسیەی سزاکانی ئەمەریکا و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەرتی کارەبا، بەتایبەتی تەواوبوونی لێخۆشبوونی ئەمەریکا بۆ عێراق لە هاوردەکردنی غازی ئێران.
عەتوان عەتوانی، لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی گرنگی حکوومەتی بە باڵیۆزی ئەمەریکا گەیاندووە، کە تێیدا هاتبوو، وەستاندنی هاوردەکردنی غاز لێکەوتەی خراپی بۆ گەلی عێراق دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، چونکە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی کارەبای نیشتمانی، بەهۆی نەبوونی هیچ بەدیلێک لە ئێستادا.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: حکوومەتی عێراق جدییە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە کە پەیوەندییان بە وەبەرهێنان لە غازدا هەیە، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و گەیشتن بە خۆبژێوی، بەڵام ئەو پڕۆژانە لە ساڵانی داهاتوودا دەچنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
عەتوان عەتوانی، داواشی لە ئیدارەی ئەمەریکا کرد پێداچوونەوە بە سەپاندنی بە سیاسەتی فشارەکانی وەزارەتی گەنجینەی بکات لەسەر کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی ئەمەریکا تێگەیشتنی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو شتانەی کە عەتوان عەتوانی لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە دۆسیەی سزاکانی وزە و بانکی باسی لێوە کردبوو، بەڵێنیدا ئەو پەیامانە بگەیەنێتە حکوومەتی وڵاتەکەی بە هیوای دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بەدی بهێنێت، گوتیشی، هاوردەکردنی غازی سروشتی، تا ئێستا لە دەرەوەی سیستەمی سزاکاندایە.