نوێنەری ترەمپ و شاندێکی ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەست دەچنە دەوحە
نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێکی ئیسرائیلی بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، دەچنە دەوحە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل "سبەینێ دووشەممە، 10-03-2025، شاندێکی ئیسرائیلی لەسەر داوای نێوەندگیرەکان، بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، دەچێتە دەوحە."
شاندەکەی ئیسرائیل لە ئۆڤیر پلیک، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری سیاسی، یوسف هورملین، جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتیی (شاباک)، گال هێرش، ڕێکخەری کاروباری بارمتە و بێسەروشوێنبووان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگیری و سوپای وڵاتەکە پێک دێت.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، کابینەی بچووککراوەی حکوومەتی ئیسرائیل کۆ دەبێتەوە و تێیدا قەبارە و چۆنییەتی گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، بۆ شاندی دانوستکار کە دەچێتە دەوحە، ڕوون دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە پێگەی ئاکسیۆس لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 11-03-2025، ستیڤن ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەوحە، بە مەبەستی نێوەندگیری لە ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
تاوەکوو ئێستە ڕوون نییە نوێنەرەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی حەماس لە قەتەر کۆ دەبێتەوە یان نا، بەڵام بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە "گفتوگۆکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماس ئەرێنی بوون و بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە."
هەر لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، دوێنێ شەممە، 08-03-2025، شاندێکی حەماس لە قاهیرە لەگەڵ دەزگای هەواڵگیریی میسری کۆ بووەوە.
حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە بزووتنەوەکە سێ مەرجی بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ڕێککەوتنەکە داناوە: ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و زیندانییەکان، کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و دڵنیاییدان لەوەی جارێکی دیکە هێرش ناکرێتەوە سەر کەرتەکە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، ڕۆژی 19-01-2025، دەستی پێ کرد و تاوەکوو ڕۆژی 01-03-2025، بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیندانیی فەڵەستینی ئازاد کرد.
دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیلی پێی وایە، تاوەکوو ئێستە 59 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدا ماون، 35ـیان کوژراون و تەنها 22ـیان زیندوون و چارەنووسی دووانی دیکەشیان نادیارە.