200 ئافرەت لە تورکیا گیران

خۆنیشاندانی ئافرەتانی ئیستانبوڵ
خۆنیشاندانی ئافرەتانی ئیستانبوڵ

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان ئاشکرایان کردووە، پۆلیسی تورکیا نزیکەی 200 ئافرەتی لە ئیستانبوڵ دەستگیرکردووە لەنێو ئەو سێ هەزار ئافرەتەی لە ڕۆژی خۆیاندا لە شەقامەکانی ئەو شارە گردبوونەوە.

چەند ساڵێکە حکوومەتی تورکیا گردبوونەوە و خۆنیشاندانی لە مەیدانی تەقسیم و ناوەڕاستی ئیستانبوڵ قەدەغەکردووە، بەڵام ماوەیەکە حکوومەتی تورکیا بە ڕێکاری ئەمنی توند، ڕێگەی داوە گردبوونەوە لەو ناوچەیە بکرێت.

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، ئافرەتانی ئیستانبوڵ لە مەیدانی تەقسیم کۆبوونەوە و تەواویان جلێکی ڕەنگێکی ئەرخەوانیان پۆشیبوو، دروشمی ئەوەیان بەرزکردبوەوە کە(بێدەنگ نابن، ناترسین، گوێڕایەڵ نابین، بژی خەباتی ئافرەتانەمان).

لەگەڵ ئەوەی گردبوونەوەکە بێ هیچ ڕووداوێک کۆتاییهات، پۆلیس چەند ئافرەتێکی بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی دەستگیرکرد، دیمەنە میدیاییەکان نیشان دەدەن، پۆلیسی ئیستانبوڵ چەند ئافرەتێک بە توندوتیژی پەلبەست دەکەن و سواری ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس دەکەن.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان دەڵێت: پۆلیسی ئیستانبوڵ 200 ئافرەتی بە زوڵم دەستگیرکردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment