ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمەریکا و حەماس

نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان، کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ حەماس بە ئەرێنی پێناسە کرد و گوتی: لەگەڵ حەماس باسمان لە ئاگربەستێکی درێژخایەن کرد.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ئادەم بۆلەر، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان، بە کەناڵی عەرەبییەی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەمان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە ئەرێنی بوو.

جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیانە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکانیان لەگەڵ حەماس، بەردەوامی پێبدەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی غەززە.

هاوکات ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی شەڕی غەززە کرد و گوتی: ئەمەریکا پابەندە بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ حەماس، ڕوونی کردەوە، لەگەڵ حەماس گفتوگۆیان لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن کرد کە داماڵینی چەک و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە لەخۆ بگرێت.

گوتیشی: ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس دەتوانن وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاساییی غەززە، لە کەرتەکە بمێننەوە بەڵام بەبێ چەک، جەختیشی کردەوە، کە پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی حەماس جارێکی دیکە خۆی چەکدار نەکاتەوە.

ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس

ئادەم بۆلەر، گوتی: نزیکین لەوەی لەگەڵ حەماس بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام نازانین کەی ڕوودەدات و کە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

باسی لەوەش کرد، بە دووری نازانم لەو نزیکانە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لەسەر هەمان پرس کۆبینەوە.

نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان، پێشتریش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن گوتبووی: دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە شتێک ڕووبدات.

تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس

هەڵوێستی حەماس لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکا

ئاژاسنی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند: چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرکردەکانی بزووتنەوەکە و ئادەم بۆلەر، نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر چەندین کۆبوونەوە لە دەوحە ئەنجام دراون. دەشڵێت: حەماس لە کۆبوونەوەکان نەرمی نواندووە و مامەڵەکانی بە گشتی بۆ بەرژەوەندی گەلی فەڵەستین ئەرێنی بوونە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئێوارەی سێشەممە ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەوە دەوحە بڕوات بە مەبەستی گەیشتە ڕێککەوتن لەبارەی پرسی غەززە.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕوونیکردەوە، ویتکۆڤ حەز دەکات هەموو لایەنەکان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە، بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی چر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بە مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە.

قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دەستی پێکرد و تاوەکوو ڕۆژی 1ـی ئەم مانگە بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیندانیی فەڵەستینی ئازاد کرد. 

 ئیسرائیل چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا 59 بارمتە لەژێر دەستی حەماسدا ماون، 35ـیان کوژراون و تەنیا 22ـیان زیندوون و چارەنووسی دووانی دیکەشیان بە نادیاری ماوەتەوە.

ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەکاتی ناوەڕاست
 
 
Fly Erbil Advertisment