ئیدارەی خۆسەر سەرکۆنەی کۆمەڵکوژی هاووڵاتیانی کەناراوەکان دەکات

ئیدارەی خۆسەر سەرکۆنەی کۆمەڵکوژی دانیشتووانی کەناراوەکان دەکات و دەڵێت: ئەو کردەوانە ڕێگە لە بونیاتنانی سووریای نوێ دەگرن.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، لەسەر تۆڕی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو تاوانانە دەکات کە دەرهەق بە خەڵکی سووریا لە کەناراوەکان کراوە، دەشڵێت: ئەو کردەوانە بەربەست دەخاتە بەردەم بونیاتنانی سووریای نوێ، ئەو سووریایەی بە تەواوی ڕۆڵە و پێکهاتەکانی، بەبێ ڕقی تایفی و شۆڤێنی فراوان دەبێت.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سووریا هەزار کەسی تێپەڕاند.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لێژنەیەکی سەربەخۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکات دەرهەق بە هاووڵاتییانی مەدەنی کراوە.
شەرع ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکی لێژنەکە ئاشکراکردنی هۆکار و دۆخی ڕووداوەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی بەرپرسن لە تاوانی کۆمەڵکوژکردنەکە دەدرێنە دادگا، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە بکەن.