کۆریای باکوور هۆشداریی سەبارەت بە هەڵگیرسانی شەڕ دەدات

کۆریای باکوور ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەشقی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریکا و کۆریای باشووری بە "ئیستفزازی" زانی و هۆشداری دا لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ بە یەک تەقەی بەڕێکەوت، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور بە هەڵە گوندێکی باشووری بۆردومان کرد.

میدیای دەوڵەتی کۆریای باکوور لە زاری وەزارەتی دەرەوەی پیۆنگیانگەوە بڵاوی کردەوە "ئەمە کارێکی ئیستفزازی ڕژدە دۆخی نیمچە دوورگەی کۆریای گەورەتر دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی نێوان هەردوولا بە یەک تەقەی بەهەڵە".

بەپێی بەیاننامەیەکی ئەمەریکا، ئاماژە بەوە کراوە، مەشق و ڕاهێنانە هاوبەشەکانی نێوان واشنتن و سیئۆل بە ناوی "قەڵغانی ئازادی 2025"، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دەست پێ بکات و "مەشقی ڕاستەوخۆ و مەجازی و مەیدانی" لەخۆ بگرێت، کە ئاماژە بەوەش دەکات ڕاهێنانەکان تا 21ـی ئادار بەردەوام دەبن.

ڕۆژی پێنجشەممە، هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی بە هەڵە هەشت بۆمبی فڕێ داوە لە دەرەوەی مەودای تەقەکردنی دیاریکراو کەوتوونەتە خوارەوە بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون.

مانۆڕی سەربازی هاوبەشی "قەڵغانی ئازادی" لە نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا یەکێکە لە گەورەترین مانۆڕەکانی ساڵانەی هاوبەشی نێوان هەردوو هاوپەیمان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment