لە ئەمڕۆوە کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان دەست پێ دەکەن
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جارێکی دیکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆ دەبێتەوە.
شاندی دەم پارتی کە لە تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە پێک هاتووە، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 10-03-2025، لەگەڵ پارتی ڕەنجدەران کۆ دەبێتەوە. دواتر کاتژمێر 13:00 سەردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکات.
کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و وا بڕیارە شاندەکەی دەم پارتی، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 12-03-2025، لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) لە پەرلەمان کۆ ببێتەوە.
هەروەها ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، شاندەکە سەردانی بارەگای گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکات و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی ئەو پارتە کۆ دەبێتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی باخچەلی و دەمیرتاش
ڕۆژی یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، ناگێهان ئاڵچی، نووسەری ماڵپەڕی "خەبەرتورک" ڕایگەیاندبوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڵچی، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا باخچەلی بەهۆی پاڵپشتیەکانی بۆ قۆناغی ئاشتی، سوپاسی دەمیرتاشی کردووە.
دوای پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلان و پەیامەکەی باخچەلی، دەمیرتاش هیوای تەمەندرێژیی بۆ باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان خواستبوو.
پێشتریش لە 2ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوو لە سوورهیا ئۆندهر، پهروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، لە ئەنقەرە سەردانی دەوڵەت باخچەلیـیان کردبوو.
پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."