ئێران: بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی غازەکەمان بە عێراق تاوانی دژی مرۆڤایەتییە

کێڵگەیەکی غاز لە ئێران
کێڵگەیەکی غاز لە ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیاری ئەمەریکا بۆ نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونی عێراق لە هاوردەکردنی غازەکەی بە "نایاسایی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناو دەبات و ئاماژە بەوە دەدات "لەگەڵ عێراق لە پەیوەندیداین."

دووشەممە، 10-03-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونی عێراق لە هاوردەکردنی غازی ئێران، بڵاو کردەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە "سزاکانی ئەمەریکا هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە و بڕیارەکەش پێشێلکرنی یاسا و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە." بە پێویستیشی دەزانێت "ئەمەریکا بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامی ئەم سزایانە لە ئەستۆ بگرێت."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەیامێک ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە "باشترە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بڕیاریارەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بدەن، بە شێوەیەک ڕێز لە سەروەریی خۆیان بگرن. ڕێگە بە فشارەکانی ئەمەریکا نەدەن کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیان هەبێت. ئێمە لەو ڕووەوە لە پەیوەندیی بەردەوام داین لەگەڵ عێراق."

بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی دەفرۆشتە عێراق، بەڵام ڕۆژی شەممە، 08-03-2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ماوەی چەندان ساڵە ئەمەریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵ بدات کەمتر پشت بە غازی ئێران ببەستێت بۆ بەرهەمێنانی کارەبا. بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشارە" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.