بۆ جاری یەکەم حکوومەتی عێراق یادی کیمیایبارانی هەڵەبجە دەکاتە پشووی فەرمی

دوو قوربانیی کیمیابارانی هەڵەبجە
دوو قوربانیی کیمیابارانی هەڵەبجە

حکوومەتی عێراق بڕیاری دا، ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە، بە بۆنەی یادی کیمیایبارانی هەڵەبجە بکرێتە پشووی فەرمی. 

دووشەممە، 10-03-2025، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 16-03-2025، لە دامودەزگاکانی عێراق دەبێتە پشووی فەرمی. 

 ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، هۆی بڕیارەکەی بۆ "ساڵیادی تاوانەکانی ڕژێمی سەدامی بەعسی لە دژی گەلی عێراق کە بریتیبوون لە کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵ، ڕاپەڕین، تیرۆرکردنی زانایان و ئامانجکردنی لایەنە سیاسییەکان" گەڕاندووەتەوە. 

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی باسی لەوەش کردووە، بڕیارەکە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (1/یەکەم/ل) لە یاسای پشووە فەرمییەکان، ژمارەی 12ـی ساڵی 2024 دراوە. 

 هەر چەندە ساڵیادی کیمیایبارانی هەڵەبجە لە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاد دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە حکوومەتی عێراق ئەو ڕۆژە دەکاتە پشووی فەرمی. 

کۆمەڵکوژیی کیمیایبارانی ھەڵەبجە لە 16ی ئازاری 1988 لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران – عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کرا. زیاد لە پێنج هه‌زار ھاووڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھید کران و زیاتر لە 10 هه‌زاریش بریندار کران.