وەزارەتی بەرگریی سووریا: هەڵمەتە سەربازییەکەی کەناراوەکان کۆتایی هات

دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاند، کۆتاییان بە هەڵمەتەکەی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا هێنا. 

حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاند "ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەمان دابوو بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکان جێبەجێمان کرد و سەرکەوتنی هێزەکانمان ڕادەگەیەنین، بە هەموو ئەو ئامانجانەی کە بۆ ئەم قۆناغە دانرابوون گەیشتین."

حەسەن عەبدولغەنی گوتیشی "سوپاس بۆ خوا توانیمان هێرشەکانی پاشماوەی ڕژێمی ڕووخاو و  ئەفسەرەکانی لەناو ببەین، هەروەها توانیمان لە شوێنە گرنگەکان دووریان بخەینەوە و زۆربەی ڕێگا گشتییەکانیش ئێستا ئارامن و کۆنترۆڵ کراون، کە خەڵکی سڤیل و بێتاوانیان دەکردە ئامانج."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا جەختیشی کردەوە "هەڵمەتە سەربازییەکە کۆتایی هات، هەروەها دامەزراوە گشتییەکان دەستیان بەکارەکانیان کردووەتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکەش بەهاووڵاتیان دەکەن و دۆخەکە سەقامگیر بووەتەوە."

ڕوونیشی کردەوە "دەزگا ئەمنییەکان کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵک، بە پێی ئەو پلانە نوێیەی دایانناوە بۆ تەواوکردنی بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو و کۆتاییهێنان بە هەر هەڕەشەیەک لە داهاتوودا."

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment