وەزارەتی پەروەردە هۆکاری نەگواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ سەر میلاکی بەغدا ئاشکرا دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، چەند جارێک لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی فیدراڵ کۆ بوونەتەوە.
دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەمەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، وەزارەت چەند جارێک سەردان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی فیدراڵ کردووە."
ئاماژەی بەوەش داوە، لە کۆبوونەوەکانماندا داواکاری گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەمان پێشکەش کردوە و پێداگیر بووین کە مافی داراییان زامن بکرێت و پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ بکرێت.
گوتیشی: شاندی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پێیان ڕاگەیاندین کە ڕێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ـی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، ناتوانن ئەو کارە بکەن. دەشڵێت: ئەم ڕێگرییە یاساییەمان لە کۆنووسدا ئیمزا کردووە و ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵمان کردووە.