لە گەلی عەلی بەگ بەرد لە شاخەکان بەردەبێتەوە

بەهۆی باران بارین و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان، بەرد لە شاخەکان بەردەبێتەوە و زیان بەر هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
یەکشەممە، 10ـی ئاداری 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە دوو ڕۆژی ڕابردوو چەند حاڵەتێکی هاتنەخوارەوەی تاوێرەبەرد هەبووە، لە شاخەکانی گەلی عەلی بەگ و زیانی بەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.
کاروان میراودەلی، گوتی: هۆکاری سروشتی و مرۆیی هەن، بەڵام لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان لەو شاخانە هۆکارێکن بۆ ڕوودانییان، پێویستە ڕێنموویی بکرێن، بۆ ئەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
هاتنەخوارەوەی تاوێرەبەرد، لەو سنوورە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و چەند جارێکیش زیانی ماددی لێ کەوتووهتەوە، تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی هاتنەخوارەوەی تاوێرەبەرد ئافرەتێک گیانی لەدەستدا.