کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا: ترەمپ سزادانی بانکی ڕافیدەینی عێراق جێبەجێ دەکات

کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا لە پشکی کۆمارییەکان ڕەخنە لە وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەی دەگرێت لەسەر ئەوەی تاوەکوو ئێستا سزادانی بانکی ڕافیدەینی عێراقی جێبەجێ نەکردووە، کە سەرچاوەی سپیکردنەوەی دۆلار بووە بۆ گرووپە میلیشیاکان.

کۆنگرێسمان، جۆو ویڵسۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: چیتر نابێت وەزارەتی گەنجینەیە ئەمەریكا سزادانی بانکی ڕافیدەینی عێراق دوا بخات، چونکە بە ملیاران دۆلاری بۆ میلیشیا عێراقییەکان سپی كردووەتەوە، لە هەمانکاتدا وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی کوردەكانی لە عێراق برسی كردووە و مووچەکانیان نادات.

کۆنگرێسمانەکە دەشڵێت: دەبێت ئەمە کۆتایی پێ بێت و ترەمپ ئەمە چارە دەكات.

پێشتر و لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ، جۆو ویڵسۆن، پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای سزادانی بانکی ڕافیدەینی و ڕایگەیاندبوو، ئەو بانکە کە گەورەترین دامەزراوەی دارایی حکوومەتی عێراقە بووە سەرچاوەیەک بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران و گرووپە میلیشیاکان بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە بە دۆلاری ئەمریکی بگات.

هەروەها ئاماژەی دابوو، لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ئاست ئەو بانکە بێدەنگ بوون، هەروا ساڵانە 10 ملیار دۆلار لە بەرانبەر کڕینی وزە و کارەبا بەهۆی لێخۆشبوونی ئەمەریکا دەبێتە داهات و بۆ ئێران دەچێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشووتر لە ساڵی 2023دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی نایاسایی پەیوەندیدار بە ئێران، 14 بانکی عێراقی خستە لیستی ڕەش.