ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 به‌غدای ناچار كرد دان به‌ مافه‌كانی كورددا بنێت

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ڕێككه‌تنه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد

55 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 تێ دەپەڕبێت، كە یەكێكە لە ڕووداوە گرنگ و مێژووییەكانی سەدەی بیستەم لە باشووری كوردستان.

بۆ یەكەمینجار بوو لە مێژووی كورد لە ڕێگەی ڕێككەوتنامەیەكی فەرمی لە نێوان داگیركەران و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا، دان بە چەندان مافی گرنگ و مێژوویی نەتەوەیی كورد دا بنرێت، ئەگەرچی ئەو ڕێككەوتننامەیە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام لە مێژووی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە دەستكەوتێكی گەورە.

 خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی و ڕابەرایەتیكردنی بۆ شۆڕشی ئەیلوول و ورەی بەرزی پێشمەرگە و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، حكوومەتی ئەوسای عێراقی ناچار كرد، ڕێكەوتننامەیەكی مێژوویی لەگەڵ كورد دا مۆر بكات.

ڕێككەوتننامەكەی11ـی ئاداری 1970 یەكێكە لە ڕووداوە گرنگ و مێژووییەكانی داننان بە ڕەوایەتیی مافەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە بەر لەم ڕووداوە هیچ رێككەوتننامەیەك لە مێژووی كورد دا نەیتوانی وا بە ڕوونی ئەو مافانەی كورد بچەسپێنێت.

ڕێككەوتنەكە لە ئەنجامی دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ و پڕی نێوان سەركردایەتیی سیاسی كورد و حكوومەتی عێراقی هاتە دی، كە دواجار بە ڕێككەوتنامەیەكی 15 خاڵی کۆتایی هات. 

لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای عێراق و سەرۆک مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی و شاندی دانوستانکاری هەردوولا، ڕێککەوتنەکە وەکو دەسکەوت بۆ هەموو عێراق ڕاگەیاندرا.

ئەگەرچی دواجار ئەو ڕێككەوتننامەیە لە لایەن حكوومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام لانیكەم وەك دەستكەوت چووە لاپەڕەكانی مێژوو، بووە بنەمایەک بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی پتر بۆ خەڵکی کوردستان.

بارزانی ھەرگیز ئامادە نەبووە بچێتە بەغدا، بەڵكوو ئەوە بەرپرسانی حكوومەتی بەعسی عێراق بوون دەھاتنە بارەگای سەركردایەتیی شۆڕش، لە ناوچە ئازاد كراوەكاندا.

كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانی وای كرد ڕێككەوتنامەكە جگە لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، ئەحمەد حەسەن بەكر بخوێندرێتەوە، بارزانی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئەو رێککەوتنامەیە، حەقانییەتی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانی چەسپاند.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment