سەرۆکی پێشووی فلیپین بەتۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستگیر کرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، دوای ئەوەی فڕۆکەکەی سەرۆکی پێشووی فلیپین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مانیلا نیشتەوە، پۆلیس دەستگیری کرد، ئەمەش بە پشتبەستن بە فەرمانی دەستگیرکردن کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە بۆی دەرچووە بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

سەرۆکایەتی فلیپین لە ڕاگەیەندراێکدا ئاشکرای کرد "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئینتەرپول لە مانیلا، کۆپیەکی فەرمی فەرمانی دەستگیرکردنی ڕۆدریگۆ دوتێرتی، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان وەرگرتووە، کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرچووە."

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی فلیپین، دوتێرتی لەکاتی گەڕانەوەی لە هۆنگ کۆنگەوە دەستگیر کراوە، دەستگیرکردنەکەشی بەفەرمانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بووە  بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی بەکۆمەڵی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.

بەگوێرەی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی، دوتێرتی تەمەن 79 ساڵ، بەتۆمەتی سەرکوتکردن و کوشتنی  ئەنقەست دەستگیر کراوە، کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەزەندە دەکەن دەیان هەزار کەس لەلایەن هێزەکانی سەربازی و پۆلیسەوە کوژرابن، بەبێ ئەوەی بەڵگەیان لەسەر هەبێت لەسەر تێوەگلانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی فلیپین "سەرۆکی پێشوو و تیمەکەی تەندروستییان باشە و لەلایەن پزیشکانی حکوومەتەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment