مەزڵووم عەبدی: نابێت کورد لە سووریا پەراوێز بخرێت و ئەزموونی بەعس دووبارە بکرێتەوە

مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ شەرع لەسەر بنەمای بوونی یەک سوپا ڕێککەوتووین

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، بنەمایەکی سەرەکی هەیە کە لەسەری ڕێککەوتووین، کە نابێت دوو سوپا هەبێت، هەر کاتێک کارەکانی سوپا تەواو بوو، ئەوە چەکدارە بیانییەکانی ناو ڕیزەکانی هەسەدە دەڕۆن.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە چاوپێکەوتنێکیدا بە 'ئەلمجەلەی' گوت: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریایە،  لەکاتی ڕێوڕەسمی دیاریکردنی بۆ ئەو پۆستە، بەهۆی ئاهەنگی "ڕۆژی سەرکەوتن" لە ڕێوەڕەسمەکە ئامادە نەبووم.

مەزڵووم عەبدی لە وەڵامی پرسیارێکی چاوپێکەوتنەکە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق، بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر زنجیرەیەک بنەما لەوانە "یەکگرتوویی ناوچەکانی سووریا، هەروەها یەک سوپا، یەک دامەزراوە و یەک پایتەخت و یەک ئاڵا لە سووریا هەبێت." ئاماژەی بەوەش دا "خاڵێک هەیە کە ئێمە لەسەری ڕێککەوتین، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردن و کاتەکەی پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارە بکرێت، هەروەها ڕێککەوتین کە بەردەوامی بە دانووستان و گفتوگۆکان بدەین، پێشمان وایە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە."

پرسیار لە فەرماندەکەی هەسەدە، کرا ئامادەیە بچێتەوە ناو سوپای سووریا؟ لەوەڵامدا گوتی "بنەمایەکی سەرەکی هەیە کە لەسەری ڕێککەوتووین، کەنابێت دوو سوپا هەبێت، بەڵکو دەبێت یەک سوپا هەبێت." جەختی کردەوە، ئێستا شێوازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلی سوپا هەیە، کە ئێمەش وەک هەسەدە، بە دڵنیاییەوە پابەندین بەو شێوازە بنەڕەتییە کە سوپای لەسەر دادەمەزرێت، هەرکاتێک کارەکانی سوپا تەواو بوو، ئەوە چەکدارە بیانییەکانی ناو ڕیزەکانی هەسەدە دەڕۆن."

مەزڵووم عەبدی، پەراوێز خستنی کورد ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای ڕەت کردەوە، وەک ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو کرا،  هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی بەعس، کردەوە.

فەرماندەکەی هەسەدە دەشڵێت، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ شەرع دوای سەردانەکەی مایکل کورێلا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو، کە هانی دابوو لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەوێت.

پرسیاری لێ کرا ئایا نیگەران دەبێت ئەگەر ئەمەریکا جارێکی دیکە خیانەتی لێ کرد؟ عەبدی لە وەڵامدا گوتی: گەشبینم، هیوادارم ئەمە ڕوو نەدات.

ئەو ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە هاوکارییەکیان لەگەڵ ئێران هەبێت، گوتیشی: نە ئێستا نە دواتر، هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ ئێران نابێت، بەڵکو لە ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە بەشێک بین لە ئیدارەی نوێ و لە دانووستانە سیاسییەکان، نەک ببینە ئۆپۆزسیۆن وەک هەندێک لایەن بەوە تۆمەتبارمان دەکەن.

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی عەبدی و شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات 'هەسەدە' لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، لەم قۆناغە هەستیارەدا پێکەوە کار دەکەین، بۆ دەستەبەرکردنی قۆناغی ڕاگوزەری کە لە ئاستی خواستی گەلەکەمان بێت بۆ دادپەرەوەری و سەقامگیری.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە پابەندین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر کە مافی هەموو سووریەکان دەستەبەر بکات، هەروەها بگەن بە ئاشتی.

مەزڵووم عەبدی گوتیشی: ئێمە ئەم ڕێککەوتنە بە دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەزانین، بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش بگرێت و گەرەنتی دراوسێیەتییەکی باش بکات. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment