وەزارەتی بەرگری سووریا: هەسەدە کەمپی هۆل ڕادەستی حکوومەت دەکاتەوە

وەزارەتی بەرگری سووریا ئاشکرای کرد، هێزەکانی هەسەدە بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل و بەرپرسیارێتی سنووری لەگەڵ عێراق ڕادەستی حکوومەتی کاتی سووریا دەکاتەوە.

سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگری سووریا لە ڕاگەیەندراوێکیدا باسی لەوە کرد، "هەسەدە بەرە بەرە هەموو شتێک ڕادەستی ئیدارەی حکوومەتی سووریا دەکات، لەوانەش بەڕێوەبردنی کەمپی هۆل و بەرپرسیارێتی سنووری لەگەڵ عێراق."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتیەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەبێت،

کەمپی هۆل بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دادەنرێت، هەروەها عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر هەوڵیداوە ئەو کەمپە دابخەن، چونکە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعش و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەی تێدایە، داخستنەکەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان بووە لەسەر سنووری سووریا.

کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری شاری حەسەکەی سووریا، خێزانەکانی داعشی تێدا دەستبەسەرن و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' دایە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، عێراق ترسی لە گەڕانەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 هەیە، کە داعش توانی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق کۆنتڕۆڵ بکات.

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی عەبدی و شەرع

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10-03-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزا کرد. 

ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە:

1- گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.

2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونیان دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ دابین دەکات.

3- ڕاگرتنی شەڕ لەنێو هەموو خاکی سووریادا.

4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان.

5-گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.

6- پشتیوانیی دەوڵەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە مەترسین لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی.

7-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و ڕق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.

8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدەن بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێ نەپەڕێت.

سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، مەزڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات 'هەسەدە' لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، لەم قۆناغە هەستیارەدا پێکەوە کار دەکەین، بۆ دەستەبەرکردنی قۆناغی ڕاگوزەری کە لە ئاستی خواستی گەلەکەمان بێت بۆ دادپەرەوەری و سەقامگیری.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە پابەندین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر کە مافی هەموو سووریەکان دەستەبەر بکات، هەروەها بگەن بە ئاشتی.

مەزڵوم عەبدی گوتیشی: ئێمە ئەم ڕێککەوتنە بە دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەزانین، بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش بگرێت و گەرەنتی دراوسێیەتییەکی باش بکات. 

 

 
Fly Erbil Advertisment