لە سنووری پارێزگای ھەولێر سیستمێكی نوێ لە فەرمانگەكانی كارەبا پەیڕەو دەكرێت
.
K24 – ھەولێر
بۆ راییكردنی كاروباری ھاووڵاتییان و كەمكردنەوەی رۆتین لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری و وزە، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای ھەولێر لەمەودوا كار بە سیستمی ئۆنلاین دەكات. كە ھاووڵاتییان دەتوانن زۆربەی مامەڵەكانیان لە ماڵەوە بە ئۆنلاین جێبەجێ بكەن.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەپێناو كەمكردنەوەی رۆتین و قەرەباڵغی لە فەرمانگەكانی فرۆشیاری و وزە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، سیستمی ئۆنلاین كاری پێدەكرێت".
گوتیشی: "دوای ئەوەی حكومەتی ھەرێم بڕیاریدا 15%ی قەرزی كارەبا لە ھاووڵاتییان خۆش بێت، فەرمانگەكانی فرۆشیاری و وزە زیاتر قەرەباڵغ بوونە، بۆیە بیرمان لەو سیستمە كردووەتەوە، كە ھەم قەرەباڵغی لە فەرمانگەكان كەمدەبێتەوە ھەمیش كارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان دەكات".
راشیگەیاند: "لەناو ھەولێر دوو فەرمانگەی فرۆشیاری و وزە ھەن، ھەروەھا لە پیرمام و شەقڵاوە و كۆیە و سۆران ئەو فەرمانگەیە ھەیە، كە ھەموو فەرمانگەكان قەرەباڵغن".
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای ھەولێر روونیكردەوە: "ھاووڵاتییان دەتوانن زۆربەی كارەكانیان لە ماڵەوە لە رێگەی ئۆنلاین تەواو بكەن، كە تەنھا بۆ پارەدان سەردانی فەرمانگەی فرۆشیاری دەكەن، پێشتر دەبووایە لە چوار شوێن سرە بگرن بۆ راییكردنی مامەڵەكان".
باسی لەوەشكرد: "ئەوانەی كە گواستنەوەی خاوەنداریەتی دەكەن بە ھەمان سیستم كارەكانیان رایی دەكەن. ھەوڵدەدەین لە داھاتوودا پەرە بە سیستمەكە بدەین و وابكیەن ھاووڵاتییان تەواوی كارەكانیان بە ئۆنلاین جێبەجێ بكەن".
ھ.م