حکوومەتی کاتیی سووریا لەگەڵ دانیشتووانی سوەیدا ڕێککەوت

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا

حکوومەتی کاتیی سووریا، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ خەڵک و کەسایتییە دیارەکانی پارێزگای سوەیدا ئەنجام دا، بە مەبەستی تێکڵەکردنی ئەو پارێزگایە لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک بە کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، ڕاگەیاند: ڕێککەوتنی حکوومەتی کاتیی سووریا و دانیشتووانی پارێزگای سوەیدا چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، دیارترینیان تێکەڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی سوەیدا بە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەوە.

بە پێی ڕێکەوتنەکە، کارمەندانی پۆلیسی سوەیدا دەبێت خەڵی پارێزگاکە بن، هەروەها حکوومەتی کاتیی سووریا پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ پارێزگاکە دیاریی دەکات.

ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوان بۆ تێکەڵکردنی ناوچەکانی باشوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە.

ئەم ڕێککەوتنەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشه‌ممه‌، 10ـی ئاداری 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێككه‌وتن.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا ڕایگه‌یاندووه‌، شه‌رع و عه‌بدی ڕێككه‌وتوون هه‌سه‌ده‌ بخرێته‌ ناو سیسته‌می هێزی به‌رگریی نیشتمانیی سووریا. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتوون سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌وانه‌ش ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌ و كێڵگه‌كانی نه‌وت و غاز به‌ دیمه‌شقه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، شه‌رع و عه‌بدی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی سووریا كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت مافی هه‌موو سوورییه‌كان پارێزراو بێت له‌ نوێنه‌رایه‌تی و به‌شداریی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی و كارامه‌یی و دوور له‌ هه‌ر پاشخانێكی ئایینی و نه‌ژادی.

 
Fly Erbil Advertisment