ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەست داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی

ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەستی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لە کۆڤان عززەت، پێشکەشکاری بەرنامەی (6@K24) کرد، بەدواداچوون لەبارەی پرسی بە هەمیشەییبوونایانەوە بکات.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەگا حکوومییەکانی هەرێمەکە هەن و حکوومەتی هەرێمیش بە نووسراوی فەرمی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە ئەو ژمارە فەرمانبەرە گرێبەستە بکەنە هەمیشەیی.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک فەرمانبەری گرێبەستی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لە کۆڤان عززەت، پێشکەشکاری بەرنامەی (6@K24) کرد، بەدواداچوون لەبارەی پرسی بە هەمیشەییبوونایانەوە بۆ بکات. کۆڤانیش لە ڕێگەی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە وەڵامەکەی بۆ وەرگرتن.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، نووسراوی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەکە ڕەزامەندیی لەبارەی پرسەکەوە نیشان نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: میلاکی ئێمە بۆ فەرمانبەری هەمیشەیی 681 هەزارە، بەڵام نزیکەی 11 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بوونە و ئێستا 11 هەزار شوێنی چۆڵمان هەیە و داوامان کردووە، 11 هەزار گرێبەست لە شوینی میلاکی چۆڵ دابندرێن و 20 هەزارەکەی دیکەش زیاد بکەن.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی وەزیفیمان بۆ هەر 31 هەزار فەرمانبەرە گرێبەستەکە کردووە و ناویان لە لیستی پەیڕۆڵ دا هەیە بۆ ماوەی یەک ساڵ.

ڕۆژی 10ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بە گوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment